کۆرۆنا

له‌لایه‌ن: - لوقمان حه‌وێز - به‌روار: 2020-02-06-01:20:00 - کۆدی بابەت: 179
کۆرۆنا

ناوه‌ڕۆك

پێناسه‌ 

ئەم ڤایرۆسە سەر بە گروپی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنایە Coronaviruses کە زۆربەی جۆرەکانی شیردەرەکان و باڵندەکان بەکاردەهێنن وەکو خانەخوێیەک بۆ مانەوە و زۆربوون ، يه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشيه‌ گوازراوه‌كان كه‌ كۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌دان و به‌شى لاى سه‌ره‌وه‌ى سيه‌كان توشى هه‌وكردن ده‌كات، نيشانه‌كانى وه‌ك نه‌خۆشى ئه‌نفلونزاى وه‌رزى وايه‌ و لێكچوونێكى ته‌واو هه‌يه‌ له‌ نێوانياندا وه‌ك : پژمه‌و كۆكه‌ - گيرانى گيرفانه‌كانى لوت و گرفتى هه‌ناسه‌دان دروست ده‌كات هه‌روه‌ها شله‌و ئاوى لوت له‌ نه‌خۆشه‌كه‌دا زياد ده‌كات ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى پله‌ى گه‌رمى نه‌خۆشه‌كه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ هه‌ندێك جار ده‌گاته‌ 39 پله‌ى سه‌دى – هه‌ندێك جار گرفت بۆ گورچيله‌كان دروست ده‌كات و ره‌نگه‌ ببێته‌ وه‌ستانى هه‌ردووه‌ گورچيله‌و يه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانى مردن له‌ نه‌خۆشه‌كه‌دا.

 

جۆره‌كانی ئه‌م ڤایرۆسه‌ 

تا ئێستا حەوت جۆر لە ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا دۆزراوەتەوە بەمەی ئێستاشەوە کە مرۆڤیش توش دەکەن، لە جۆرەکانی پێشووتریش بۆ نمونە وەک SARS و MERS کە پێشتر بڵاوبوونەوە، (novelcoronavrus2019) ناوی فەرمی ئەم جۆرە نوێیەیە .

خەسلەتەکانی ئەم جۆرە نوێیە زۆر لە خەسڵەتی ڤایرۆسی SARS دەچێت کە لە ساڵی 2003 لە ووڵاتانی ئاسیا سەری هەڵدا و ئەو کاتە ترسێکی زۆری نایەوە و لەپتر لە 20 ووڵات بڵاوبۆوە و نزیکەی 9 هەزار کەسی توش کرد، پتر لە 750 کەسیشی کوشت دواتر کۆنتڕۆل کرا، ئەم جۆرە نوێیەش لەهەمان زنجیرەیە بەهەندێک خەسڵەتی نوێوە ...


نيشانه‌كانى ئه‌م نه‌خۆشيه‌

1- كۆكه‌
2- رشانه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك كاتدا
3- سكچوون له‌ هه‌ندێك كاتدا
4- به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما
5- هه‌وكردنى كتوپڕى سيه‌كان و بۆريه‌كانى هه‌وا
6- پژمه‌

 

ڕێگاكانى گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشى كۆرۆنا

1- وه‌ك زۆرێك له‌ فايره‌سه‌كانى تر له‌ رێگه‌ى ده‌ستلێدان و به‌ركه‌وتنه‌وه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌.
2- هه‌موو ليك و ده‌ردراوه‌كانى نه‌خۆشه‌وه‌ له‌ كاتى پژمه‌و كۆكه‌دا، چونكه‌ ئه‌م ڤايه‌ره‌سه‌ راسته‌وخۆ له‌ رێگه‌ى هه‌ڵمژينه‌وه‌ ده‌چێته‌ په‌رده‌ى لوته‌وه‌و كه‌سه‌كه‌ توش ده‌كات.
3- له‌ رێگه‌ى پژمه‌ى نه‌خۆشه‌وه‌.
4- هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ى به‌ ڤايره‌سه‌كه‌ پيس بوون وه‌ك خاولى و به‌تانى و كه‌ره‌سته‌ى نه‌خۆشه‌كه‌. 
5- هه‌موو شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان و داخراوه‌كان رێگايه‌كن بۆ گواستنه‌وه‌ى ئه‌م نه‌خۆشيه‌.

 

چۆن بڵاوبۆتەوە و ئێستا چۆن بڵاودەبێتەوه‌

ئەم جۆرە ڤایرۆسانە بەوەی ئێستاشەوە لەبنەڕەتدا لەکۆمەڵێک باڵندە و شیردەردا بازیان داوە بۆ مرۆڤ، بەگشتی پێشتر لەگەڵ ئەوەی بازدانیش بۆ مرۆڤ ڕوویداوە بەڵام نەخۆشیەکە لە مرۆڤێک بۆ یەکێکی تر نەگوازراوەتەوە، بەڵام لەئێستادا بەم جۆرەشەوە لەمرۆڤێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤێکی تر لەکاتی پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ یان لەڕێگەی هەواوە کاتێک نزیکەی مەترێک بۆ دوو مەتر لەکەسە توشبووەکە نزیک بیت و ئەو کەسە بپژمێت یان بکۆکێت، هەروەها دەشێت بە دەست لێدانی کەل و پەلی نەخۆشەکەش بگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر...
بەڵام ڤایرۆسەکە بۆ نمونە ناگوازرێتەوە لەڕێگەی ئەو کەل و پەلە ناخۆراکیانەی کە لە چینەوە دەنێردرێن بۆ ووڵاتانی تر...

 

بۆچی مەترسی زۆری لێدەکرێت

- تا ئێستا هیچ ڤاکسینێک نیە بۆ بنبڕکردن یان ڕێگەگرتن لە توش بوون، دوای توشبوون ناتوانرێت بە دەرمان چارەسەر بکرێت، تەنیا دوای توشبوون دەتوانرێت نیشانەکانی نەخۆشیەکە سوکتر بکرێن ...

- کاتێک کەسێک توشی ڤایرۆسەکە دەبێت بۆ ماوەی نزیکەی 14 ڕۆژ لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشیەکە دەرنەکەوێت، لەهەمان کاتیشدا کەسەکە بڵاویشی دەکاتەوە ...
هەر بۆیە بۆ نمونە ئەوە 195 هاووڵاتیە ئەمەریکیەی کە لە ناوچەی ووهانی چینی کاریان دەکرد و هێنرانەوە ئەمەریکا ئێستا لە بنکەیەکی سەربازی حکومەتی ئەمەریکی لە کالیفۆرنیا لەژێر چاودێری پزیشکی ورد دان و دەست بەسەرن بۆ ماوەی لایەنی کەم 14 ڕۆژ تاوەکو دڵنیابوون لەوەی کەسیان هەڵگری ئەو ڤایرۆسە نین و توشی نەخۆشیەکە نەبوون ... 

- زۆر بەئاسانی لەڕێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە لەکەسێکی توشبوو بۆ کەسێکی ساغ لەکاتی پژمین و کۆکە لەکەسە توشبووەکە نزیک بیت، لە شوێنە داخراوەکان و وەکو ناو ژوورەکان و ناو پاسیش ئەگەری گواستەوەی زیاترە هەتا ئەگەر نزیکیش نەبیت لەکەسە توشبووەکە، ئەگەری گواستنەوەشی زۆر زیاترە لەکاتی پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ وەکو تەوقەکردن و ماچکردن ...

ڕيگاكانى خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشيى (كۆرۆنا)

1- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پاشماوه‌ يان ده‌ردراوى نه‌خۆش له‌كاتى پژمه‌دا.
2- دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ده‌ستلێدانى كه‌ره‌سته‌ى پيسبوو به‌ ڤايره‌سى كۆرۆنا.
3- هه‌وڵبدريت ده‌ست بۆ چاو و لوت و ده‌م نه‌برێت له‌كاتى بڵاو بونه‌وه‌ى ئه‌م ڤايره‌سه‌دا مه‌گه‌ر بۆ كاتى زۆر پێويست نه‌بێت.
4- نابێت كه‌ره‌سته‌و كه‌ل و په‌لى نه‌خۆش به‌كاربهێنرێت.
5- ده‌ست شۆردن به‌ شێوازێكى باش به‌ ئاوو صابوون.
6- به‌كارهێنانى (ماسك) كه‌مامه‌ له‌ شوينه‌ گشتيه‌كان و قه‌ره‌باڵغه‌كاندا.
7- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌سى توش بوو به‌ نه‌خۆشى كۆرۆنا وه‌ هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ نه‌خۆش له‌ دووره‌وه‌ واته‌ دورتر له‌ 1مه‌تر.
• ئه‌گه‌ر كه‌سێك توش بوو به‌ نه‌خۆشى كۆرۆنا: 
1- پێويسته‌ (ماسك) كه‌مامه‌ به‌كاربهێنێت هه‌روه‌ها به‌كارهينانى ده‌سته‌سڕ له‌ كاتى پژمه‌دا به‌به‌رده‌وامى.
2- دوركه‌وێته‌وه‌ له‌ خه‌ڵكانى تر به‌تايه‌يه‌ت شوێنه‌ گشته‌يه‌كان و قه‌ره‌باڵغيه‌كان.

چاره‌سه‌ر

به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا چاره‌سێكى تايبه‌ت بۆ له‌ناوبردنى ڤايره‌سى كۆرۆنا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵكو ده‌بێت چاره‌سه‌رى نيشانه‌كانى نه‌خۆش بكرێت وه‌ك به‌رزبووته‌وه‌ى پلەی گەروی لەش وه‌ هه‌وكردنى كۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌و نيشانه‌كانى تر.
وه‌ك كارێكى سه‌ره‌تايى هه‌ردوو شه‌ريكه‌ى  Novavax و Greffex (لقاح) ماكوته‌يه‌كى سه‌ره‌تاييان دروستكردووه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها سه‌ره‌تايه‌كه‌ بۆ كوتان دژى ئه‌م نه‌خۆشيه‌.

 


سەرچاوەکان



4666 بینین